حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی ئەو 500 کەسەی بڵاوکردەوە کە لە پارێزگای هەڵەبجە بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن.

ئەو 500 کەسە لە رۆژی دامەزراندنیانەوە موچەیان بۆ هەژمار دەکرێت و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو کەسانە بەسەر قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگاکەدا دابەشدەکرێن.

ئەوەشی خستەروو، ئەو کەسانەی ناویان بڵاوکراوەتەوە دەتوانن لە سبەینێ چوارشەممەوە دەست بە مامەڵەکانیان بکەن.

سەرەتای ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە دامەزراندنی 500 کەس وەک گرێبەست لە پارێزگای هەڵەبجە و چوار مانگ دوای بڕیارەکەش فۆڕمێکی ئەلیکترۆنی کارا کرا بۆ پێشکەشکردنی داوای دامەزراندن.