پاسێكی عومرەكارانی كورد لەناو خاكی سعودییە تووشی رووداوێكی هاتوچۆ بوو، بەهۆیەوە عومرەكارێك گیانی لەدەستدا و 13ـی عومرەكاری دیكەش بریندارن.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمشەو پاسێكی عومرەكارانی كورد، لە ناوخاكی سعودییە، لە نزیك ناوچەی " ئەلحال" لەگەڵ بارهەڵگرێكدا تووشی پێكدادان بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی رووداوەكە، لە سەرنشینانی پاسەكە عومرەكارێك گیانی لەدەستدا و 13ـی دیكەش بریندارن، رەوشی تەندروستی دووان لە بریندارەكانیش ناجێگیرە. هاوكات سەرنشینانی بارهەڵگرەكە كە دوو كەس بوون، گیانیان لەدەستداوە.

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف راشیگەیاند، عومرەكارە كوردەكان خەڵكی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەرین. وتیشی، تیمە تەندروستییەكانی سعودییە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمیش لەسەر هێڵن، بۆ بەدواداچوون بۆ رەوشی عومرەكارەكان.