حكومەتی هەرێم رێككارەكانی دامەزراندنی 500 كارمەندی بەشێوەی گرێبەست بۆ فەرمانگەكانی سنووری هەڵەبجە تەواو كرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، ئەنجومەنی راژەی گشتی هەرێم، بە رەسمی زانیاری پێویستی لەسەر ئەو كارمەندانە و شوێنی دەوامیان ئاڕاستەی فەرمانگەكانی سنووری هەڵەبجە كردووە، تاكو رێوشوێنە كارگێڕییەكانی پێش دەستبەكاربوونیان تەواو بكرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەنێو ئەو كارمەندانەی دادەمەزرێنرێن، 48 كارمەندیان كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراونن، هەروەها 25 كارمەندی دیكەیان كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشداوە، دامەزراندنی ئەو كارمەندانە  لەسەر بنەمای پسپۆڕی و بڕوانامەكانیان و هاوكات، پێداویستی فەرمانگەكانی سنووری هەڵەبجە دەبێت، كە 45 جۆری كاریان بۆ ئەو كارمەندانە لەخۆگرتووە.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی 4-6-2024، ، دیوانی پارێزگای هەڵەبجە فۆڕمێكی ئۆنلاینی بۆ دامەزاندنی 500 كارمەندی بەشێوەی گرێبەست بۆ دامەزراوە ئیدارییەكانی هەڵەبجە بڵاوكردەوە.