37 ساڵ بەسەر داستانی سەری رەشدا تێدەپەڕێت كە تێیدا سەری رەش و كۆشكی هاوینەی سەدام حسێنی دیكتاتۆری پێشووی عیراق، لەلایەن پێشمەرگەكانی مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە رزگاركرا.

لە دوای داستانی حەمك پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تەكنیك و دیسپلینێكی نوێ توانیان قۆناغێ شەڕ ببەنە قۆناغێكی نوێ و چەندین داستان و چالاكی گەورە تۆمار بكەن، كە تیایدا رزگاركردنی سەری رەشبوو لەلایەن پێشمەرگەكانی مەڵبەندی سێی هەولێرەوە كە ئەوكات لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە سەركردایەتی دەكرا.

لەو كاتەدا چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە ناو ناوبانگی زۆری پەیداكردبوو، بەوپێیەی رژێمی بەعس لەو كاتەدا سوپایەكی زۆر بەهێزی هەبوو سەرۆكەكەشی لەناو سەركردە عەرەبییەكاندا ناوبانگێكی زۆری هەبوو، سەری رەش بۆ یەكەمین جار لە شەوی 27 لەسەر 28ی 1ی ساڵی  1988 رزگاركرا و دەنگدانەوەی زۆری لەناو میدیاكانی ئەو سەردەمە هەبوو، بەتایبەت لە میدیا عەرەبییەكاندا باس و خواسی زۆری بەدواداهات.