دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی عەبدوڵا ساڵح دەرکرد
هەساو ئەمیر
٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی عەبدوڵا ساڵح دەرکرد، ئەو گەنجەی لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە کوژرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز لەزاری ساڵح محەمەد، باوکی عەبدوڵاوە باسی لەوەکرد، ئەمڕۆ لە هۆڵی دادگای کەرکوک- گەرمیان لە یەکەم دانیشتندا دادوەر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی کوڕەکەی دەرکردووە کە دوو هاوڕێی خۆی بوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستە روو، ئەمڕۆ بۆ داواکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە کەسوکاری عەبدوڵا کۆبوونەوە و داوایان کرد مافی کوڕەکەیان وەربگرنەوە بە جێبەجێکردنی سزاکە.
عەبدوڵا ساڵح ئەو گەنجەی کەلار بوو، کە رۆژی 28ی ئەم مانگە بێسەروشوێن بوو و دوو رۆژ دوای دیارنەمانیشی تەرمەکەی دۆزرایەوە، کە بەپێی وتەی پۆلیس لە گوندێکی نزیک کەلار لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە رفێنراوە و دواتر کوژراوە.
عەبدوڵا ساڵح لەدایکبووی ساڵی 2003 بوو و پیشەی پێشمەرگە بوو، هەروەها تاقانەی شەش خوشک بوو.



