كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە ئامادەبونی نوێنەرانی كورد بەڕێوەدەچێت، كۆبونەوەكەش تایبەتە بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و شایستە داراییەكان.
ئەمڕۆ شەممە، كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بە ئامادەبونی نوێنەرانی كورد لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، فەرمانگەی میدیاو زانیاریش بڵاویكردوەتەوە، ئامانجی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی زانیاری لەلایەن حكومەتی هەرێم و بەڵگەنامەی پێویست بۆ نوێنەرانی كورد لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران، تا بەپێی تایبەتمەندی بە ئەركی خۆیان هەستن بۆ پرسی نیشتمانیی و داكۆكیكردن لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم و كۆتاییهێنان بە قەیرانی موچە و بودجەی هەرێم.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێك تاووتوێ دەكرێن كە بریتین لە خستنەرووی راپۆرتێك لە بارەی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 و خشتەی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی  فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2024، پرسی نەوت لە هەرێم و هەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.