حكومەتی توركیا قەیومی لە شوێنی هاوسەرۆكانی شارەوانی ئاكدەنیز دانا
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
هاوسەرۆكانی شارەوانی ئاكدەنیز سەر بە پارێزگای مێرسین دەستگیركران و قەیوم لە شوێنەكانیان دانرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی توركیا چووەتە سەر ماڵی هاوسەرۆكان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی ئاكدەنیز سەر بە پارێزگای مێرسین لە باكوری كوردستان، لە ئەنجامدا هۆشیار ساریڵدز و نوریە ئارسەلان هاوسەرۆكانی شارەوانی ئاكدەنیز لە پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" و پێنج ئەندامی ئەنجومەنەكە دەستگیركران.
عەلی بۆزان پەرلەمانتاری دەم پارتیش رایگەیاند، هاوسەرۆكانی شارەوانی ئاكدەنیز دەستگیركراون و توركیا قەیومی لە شوێنەكانیان داناوە و بە هەموو شێوەیەك بڕیاری دانانی قەیوم رەتدەكەنەوە.