مەزڵوم كۆبانێ: سەقامگیری ناوچەكانی سوریا بەندە بە بوونی هێزەكانی ئەمریكاوە
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاشكرایكردوە، سەقامگیری سوریا بەندە بەبونی هێزی ئەمریكا و ئەگەر بكشێتەوە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و چەندین گروپی چەكداری توندڕەو.
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژە بۆ ئەوەكردووە، لە دوای روداوەكانی سوریا، داعش لە بیابانەكان بەهێزتربوون، لە زۆر شوێنیش دەستیان گرتووە بەسەر چەكی رژێمی سوریادا.
وتیشی، هۆكاری سەرەكی سەقامگیری لە ناوچەكانی سوریا بوونی سوپای ئەمریكایە، ئەگەر ئەو دوو هەزار سەربازە ئەمریكییە بكشێنەوە، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و چەندین گرووپی چەكداری توندڕەو.
مەزڵوم كۆبانێ ئاماژەی بەوەشكرد، چەكدارانی داعش پیلان دادەنێن بۆ هێرشكردنە سەر ئەو زیندانانەی داعشیان تێدا دەستبەسەركراوە و دەیانەوێت سود لە سەرقاڵی هێزە كوردییەكان وەربگرن لە بەرگریكردن لە ناوچەكانیان دژی هێرشەكانی توركیا و گرووپە چەكدارەكان، داواشی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كرد، پشتیوانی لە كورد بكات و هێزەكانی لە رۆژائای كوردستان نەكشێنێتەوە.