سەرۆک بافڵ: رێگەنادەین غەدر و ناحەقی بەرامبەر هیچ کەسێک بکرێت
٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وێنە،سەرۆک بافڵ وخاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان چاویکەوت بە نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە راپۆرتێکدا کێشە و داواکارییەکانیان خستەڕوو و راشیانگەیاند، پابەندی رێنمایی و رێکارە یاسایی و ئەمنییەکان دەبن و هاوکاری تەواوی دەزگای ئاسایش و سەرجەم دامەزراوەکان دەبن بۆ پاراستنی ئارامیی سلێمانی.
لەبەرامبەردا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، خۆمان بە پارێزەری سەرجەم خەڵکی کوردستان دەزانین بەهەموو چین و توێژەکانییەوە، ئەرکی ئێمە پاراستنی ماف و بژێویی ژیانی خەڵکە و رێگەنادەین غەدر و ناحەقی بەرامبەر هیچ کەسێک بکرێت.
سەرۆک بافڵ وتیشی، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگ دەبین تاوەکو لەچوارچێوەی یاسا و رێکارەکاندا کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان چارەسەر بکرێت، بێگومان پابەند بە رێنماییەکانی هاتوچۆ و ئاسایش ئەم کارە دەکرێت و دەبێت یاسا وەک یەک بەسەر هەموواندا جێبەجێبکرێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا سەرۆک بافڵ رایگەیاند، نابێت لە کوردستاندا مافی هیچ توێژێکی کۆمەڵگە پێشێلبکرێت و نادادییان بەرامبەر بکرێت، پشتیوانیی هەمووان دەبین و هەرێمێکمان دەوێت تێیدا هەمووان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن و رێز لە مافەکانیان بگیرێت.