پارێزگاری كەركوك كێشەی جوتیارانی كوردی لەسنوری سەرگەڕان چارەسەركرد
هادی
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
ئەمڕۆ هێزێكی زۆری سوپای عیراق چونە سەر گوندەكانی سنوری ناحیەی سەرگەڕان و رێگریان لە جوتیارانی كورد كرد كاری كشتوكاڵی بكەن، بەڵام پارێزگاری كەركوك كێشەی ئەو جوتیارانەی چارەسەركرد و سوپا كشایەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی زۆری سوپای عیراق چونەتە سەر گوندەكانی پەلكانە و گابەرەكە و شەناغە لە سنوری ناحەی سەرگەڕان و دەستیانگرتووە بەسەر ژمارەیەك كەلوپەل و تراكتۆری جوتیاران و سیستمی ئاودێری زەوییەكانیان تێكداوە و پێیان وتوون كە نابێت كاری كشتوكاڵی بكەن.
پەیامنێری کوردسات وتیشی، دواتر رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە پەیوەندی بە سوپای عیراقەوە كردووە و كێشەكەی چارەسەركردووە، لەئێستاشدا تەواوی هێزەكانی سوپا لە گوندەكان كشاونەتەوە و تراكتۆر و كەلوپەلەكانیش رادەستی جوتیاران كراونەتەوە.



