سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، یەكێتی دەرگای بۆ هەر لایەنێک کراوەیە کە ئامادەی گفتوگۆ بێت و دووپاتیکردەوە، یەکێتی بەو بەرنامەیەوە بەشداری پەرلەمان دەكات كە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاندبوو.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی ستۆدیۆ ٨ رایگەیاند، یەكێتی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكاندا مەرجەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت ئاشكرا دەكات و دەرگای كراوەیە بۆ هەر لایەنێک كە ئامادەی گفتوگۆ بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان وەك هەوێنی سیاسیی نێوان لایەنەكان دەچێتە پەرلەمانی كوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر هەندێک لایەن دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردبووەوە، کە هەڵبژاردن ناكرێت یان شەڕ دروستدەبێت، بەڵام بەشداریكردنی زیاتر لە ٧٠٪ـی خەڵك لە هەڵبژاردندا وەڵامێكە بۆ دەنگۆی نەیارەكان.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی، زۆربەی لایەنەكان پەرۆشن بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوودا، هەروەها حكومەتێكی كاربەڕێكەر ناتوانێت بەرەنگاری قەیرانە ئەمنی و سیاسییەكان ببێتەوە.