وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەرگرتنی ٦٩٨ دەرچووی دیكەی قۆناغی ١٢ـی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكانی هەرێم راگەیاند، كە فۆڕمی كورسی بەتاڵیان پڕكردبووەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویكردەوە، لە ئەنجامی پڕكردنەوەی فۆڕمی كورسی بەتاڵ، ٦٩٨ دەرچووی دیكەی قۆناغی ١٢ـی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكانی دیكە وەرگیراون.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دەرچووانە پێشتر لە هیچ شوێنێك ناویان نەهاتبووەوە، بەڵام دوای ئەوەی خوێندنی باڵا بۆ جاری دووەم دەرگای پێشكەشكردنی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكانی كردەوە، ئێستا ئەو دەرچووانە لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان بە شێوازی زانكۆڵاین و پارالێل و ئێواران ناویان هاتووەتەوە.

رۆژی ٣ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامی زانكۆڵاینی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە ٤٤ هەزار دەرچووی قۆناغی ١٢ـی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكانی هەرێم وەرگیراون.