بافڵ جەلال تاڵەبانی لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا پەیامێک بڵاودەکاتەوە
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، " ئەوەی لەم رۆژەدا پێویستە جەختی لێبکەینەوە، باوەڕی نەگۆڕمانە سەبارەت بە بەگژداچوونەوە و لێپێچینەوە لەو کەسانەی بەهەرشێوەیەک دەبنە مایەی هەراسانکردنی ژنان و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان".
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی...
لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، پابەندیی خۆمان بە پشتگیریکردن، پاراستنی مافەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی ژنان دووپات دەکەینەوە. جەخت لە رەخساندنی زەمینەی لەبار و تەندروستتر دەکەینەوە تاوەکو ژنانی کوردستان بەشداریی زیاتر و چالاکانەتریان هەبێت لە ناوەندەکانی بەڕێوەبردن و رۆڵی خۆیان لە بەرەوپێشبردنی وڵات و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتردا بگێڕن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە هەمیشە پاڵپشتی ژنان و هەوڵە بێوچانەکانیان بووە لەپێناو بەگژداچوونەوەی توندوتیژی، هێنانەکایەی دادپەروەری و کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر. باوەڕی تەواوی بە رۆڵ و تواناکانی ژنان هەبووە و بەشێکی کاریگەربوون لە ئۆرگانەکانی حزبدا. بێگومان لە داهاتووشدا بە هەمان بڕوا و رۆحییەتەوە کاردەکەین و ژنان هاوکار و هاوشانمان دەبن بۆ هەنگاونان بەرەو کوردستانێکی ئاوەدانتر و خۆشگوزەرانتر.
ئەوەی لەم رۆژەدا پێویستە جەختی لێبکەینەوە، باوەڕی نەگۆڕمانە سەبارەت بە بەگژداچوونەوە و لێپێچینەوە لەو کەسانەی بەهەرشێوەیەک دەبنە مایەی هەراسانکردنی ژنان و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان. لە هەر شوێنێک پێشێلکاری هەبێت، رووبەڕووی دەبینەوە و هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر. چونکە پێمانوایە هیچ دادپەروەری و یەکسانییەک لە کۆمەڵگەدا نایەتەدی، ئەگەر ژنان لە ئاشتی و سەقامگیریدا نەبن و هەڕەشە لەسەر ماف و خواستەکانیان بێت.
شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



