نێچیرڤان بارزانى له رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەیامێک بڵاودەکاتەوە
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لهم بۆنهیهدا بەڵێن بە ژنانی کوردستان دهدهن کە بێ وچان بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و بههێزكردنی تواناكانیان بۆ جێبەجێکردنی رۆڵی گرنگیان لە خزمهتكردن و بنیاتنانی وڵاتدا.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی...
لە ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پابەندیمان به پاراستنی مافەکانی ژنان لە کوردستان نوێ دەکەینەوە، ههروهها دڵنیایان دهكهینهوه كه بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری بهرانبهر ئافرەتان. تواناسازی و بەهێزکردنی پێگەی ژن، بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووترە.
هەرێمی کوردستان پێشەنگ بووە لە پشتگیریکردنی مافەکانی ئافرەت و دابینکردنی دەرفەت بۆ بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کارگێڕی بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا. ئێمە باوەڕمان وایە کە ژن نەک تەنها هاوبەشێکی سەرەکییه لە بڕیاردان، بەڵکو بنەمایەکە بۆ گۆڕانکاری و گەشەپێدانی بەردەوام.
لەم ڕۆژەدا، داوای هاوکاریی زیاتر دەکەین لەنێوان دامەزراوە حکوومییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکاندا، بۆ بڵاوکردنەوەی زیاتری هۆشیاری و بەهێزکردنی بەهاکانی لێبوردەیی و یەکسانی. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەمووانە بۆ دڵنیابوون لە بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و ئارام بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە.
ههر لهم بۆنهیهدا بەڵێن بە ئافرەتانی کوردستان دهدهین کە بێ وچان بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و بههێزكردنی تواناكانیان بۆ جێبەجێکردنی ڕۆڵی گرنگیان لە خزمهتكردن و بنیاتنانی وڵاتدا.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
25ی نۆڤبهری 2024



