نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست رایدەگەیەنێت، نزیكەی دوو هەزار و ٥٠٠ وانەبێژی لەسەر كار لادراو دەكرێنە گرێبەست.

عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە كۆی ٣٧ هەزار و ٩٣٣ مامۆستای گرێبەست، دوو هەزار ٤٥٣ مامۆستایان گرێبەستەكانیان هەڵوەشاوەتەوە بەهۆی ئەوەی لە فەرمانگەی دیكەی حكومی بە هەمیشەیی دامەزراون، لە شوێنی ئەو مامۆستایانەش، وانەبێژی لەسەر كارلادراو بە گرێبەست دادەمەزرێنرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، دامەزراندنی وانەبێژەكان لە سنووری یەك پەروەردەی دیاریكراودا نابێت، بەڵكو لە هەر پەروەردەیەك مامۆستایەكی گرێبەست كە گرێبەستەكەی هەڵوەشابێتەوە ئەوا وانەبێژێك لە جێگەكەی دادەمەزێنرێت.

راشیگەیاند، تائێستا لە ٨٥٪ـی مامۆستایانی گرێبەست بایۆمەتریان كردووە و لە كۆی ئەو رێژەیە گرێبەستی ئەو مامۆستایانە هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە پێدەچێت لەو ٪١٥ـەی كە ماوە، ژمارەیەك مامۆستای دیكە گرێبەستەكانیان هەڵوەشێتەوە و وانەبێژ لە شوێنیان دابنرێت.