قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی ژووری بازرگانی سلێمانی کرد و دوای گوێگرتن لە کێشەو گرفتی بازرگانان و وەبەرھێنەران، ئاماژەی بە ھەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا کرد و دڵنیایی پێدان چیتر بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەن ھیچ کەس و لایەنێک لە ڕێگەی سەرانە وەرگرتن و ھەر ھەوڵێکی ھاوشێوەی دیکە کێشە و گرفت بۆ وەبەرھێنەر و بازرگانان دروست بکات.

وتیشی، ستراتیژیان بەھێزکردنی کەرتی تایبەتە و پشتگیری بازرگان و وەبەرھێنەران دەکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیش راسپێردراون ھەموو کارئاسانییەک بکەن لەپێناو کەمکردنەوەی رۆتین لەبەردەم کارەکانیان.

 قوباد تاڵەبانی داوایکرد ژووری بازرگانی سلێمانی رۆڵ ببینێت لە ھاندانی سەرمایەدار و وەبەرھێنەران تا زیاتر لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و گەشتوکاڵدا وەبەرھێنان بکەن، کە بەھۆیانەوە زۆرترین ھەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێت کە دەبێتە ھۆکارێک بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابوری و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت.