بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالەوە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ ئەمساڵ سی و هەشت ساڵ بەسەر ئەو تاوانە کۆمەڵکوژیەدا تێدەپەرێت کە بە هەشت قۆناغی پڕ ناسۆر دژی گەلەکەمان بەرپا کرا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو کۆمەڵکوژیەدا هەزاران هەزار ژن و پیاو و منداڵی کورد کرانە قوربانی سیاسەتی رژێمی دڕندەی بەعس، لەو ساڵیادەدا یەکێتیی دوپاتی دەکاتەوە خاوەندارێتی هەمیشەیی لە ماف و شایستەکانی قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوەی و خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکە خۆراگرەکەمان دەکاتەوە و بێ درێغ هەوڵیان بۆ دەدات .
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی
ئەنفال زامێکی قووڵە لە جەستەی نەتەوە و نیشتمان و خەمێکی هەمیشەیی کوردستانی و ئینسانییە.
ئەمساڵ کە سی و هەشت ساڵ بەسەر ئەو تاوانە کۆمەڵکوژیەدا تێدەپەرێت کە بە هەشت قۆناغی پڕ ناسۆر دژی گەلەکەمان بەرپا کرا و هەزاران هەزار ژن و پیاو و منداڵی کورد کرانە قوربانی سیاسەتی رژێمی دڕندەی بەعس، تەئکید لەسەر بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان دەکەینەوە کە ئەنفالی بە تاوانی جەنگ و دژە مرۆیی ناساندووە و خەباتی بێوچانیشمان بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسەکە وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی چڕ تر دەکەینەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵەوە خاوەندارێتی هەمیشەیی لە ماف و شایستەکانی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەی و خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکە خۆراگرەکەمان دەکاتەوە و بێ درێغ هەوڵیان بۆ دەدات .
لەیادی ئەو کارەساتەدا
سەری رێز بۆ گیانی پاکی شەهیدانمان دادەنەوێنین.
درود بۆ خۆڕاگریی كەسوكاری بێسەرو شوێنبوانی ئەنفال.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان