زانیاری نوێ لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکرێت
کوردسات نیوز
٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە ھاوپەیمانەکانی گوندەکانی "تەویلە و کوزلیە"ی لە تەلتەمر کردووەتە ئامانج و بە چەکی قورسیش ھێرشیکردووەتە سەر گوندەکانی شێراوا. وتیشی، تورکیا وێستگەیەکی کارەبا و وێستگەیەکی غازی لە دێرک بۆردومانکردووە، ھەروەھا بۆ دووەمجار وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبای لە قامیشلۆ کردووەتە ئامانج.
راشیگەیاند، لە درێژەی ھێرشەکانی تورکیا لە قامیشلۆ کێڵگە و پاڵاوگەیەکی نەوت و کارگەیەکی غاز کراوەتە ئامانج.
لای خۆیەوە، ھەسەدە رایگەیاند، تورکیا بە زیاتر لە ٣٠ فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە و بەھۆی بۆردومانەکانیشەوە تائێستا ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ھەشتیان ھاووڵاتی مەدەنین.
ئاماژەی بەوەشداوە، تورکیا لە بۆردومانەکانیدا ھاووڵاتی مەدەنی کورد و عەرەب و تورکمان بە ئامانج دەگرێت و لەھەمانکاتیشدا، بۆردومانەکان بوونەتە ھۆکارێک بۆ بەھێزبوونەوەی داعش لە ناوچەکە.
ھاوکات ھەسەدە رایگەیاندووە، لە وەڵامی بۆردومانەکان، لە تەلتەمر و لە دوو چالاکییدا پێنج سەربازی تورکیایان کوشتووە و بە دەیان سەربازیشیان بریندارکردووە، جەختیشیکردووەتەوە، بە ھەموو توانا و ئیرادەیانەوە بەرپەرچی ھێرشەکانی تورکیا دەدەنەوە.