حكومەتی عیراق دوای 10 ساڵ دۆسیەی ناوچە قەدەغەكراوەكانی داخست
هەساو ئەمیر
١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
حكومەتی عیراق دوای 10 ساڵ دۆسیەی ناوچە قەدەغەكراوەكانی داخست و ئاسمانی ئەو ناوچانەی بەڕوی گەشتە ئاسمانییەكاندا كردەوە.
ئیهاب سەعید بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان و خزمەتگوزاریی فڕۆكەوانیی عیراق رایگەیاند، كۆتاییان بە دۆسێی ناوچە قەدەغەكراوەكان بۆ فڕین هێناوە و ئێستا تەواوی ئاسمانی عیراق بە روی فڕۆكەوانیی مەدەنیدا كراوەیە.
وتیشی، ئاسمانی ئەو ناوچانە لە ساڵی 2014 و دوای سەرهەڵدانی گروپی تیرۆرستی داعش بە قەدەغەكراو دانران و تەنها بۆ مەبەستی سەربازیی و ئەمنیی بەكاردەهێنران، ئێستاش دوای 10 ساڵ بەكارهێنانی كایەی ئاسمانییان ئاسایی كرایەوە.
ئیهاب سەعید ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئەنجام دراوە و كردنەوەشی خزمەتێكی زۆر بە ئابوری و بەرزكردنەوەی توانای عیراق دەكات لە كێبڕكێی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا.


