دەستەی وانەبێژانی ناڕازی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای ١٧ رۆژ لە لە بایکۆت و خۆپیشاندان لەسنوری ١٣ پەروەردەی ھەرێم، چاوەڕێبوون حکومەتی ھەرێم وەڵامی داواکارییەکانیان بداتەوە بۆ دامەزراندنی ھەمیشەیی، بەڵام لەبری ئەوە وەزارەتی پەروەردە دەیەوێت لەرێگەی پەروەردەکانەوە فشاربکات بۆ کۆتاییھێنان بە بایکۆت.

ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەوان تائێستا شایستە داراییەکانیان بۆ مانگی تەمموز وەرنەگرتووە کە بڕەکەی لەنێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ ھەزار دینارە، بۆیە سوپاس و پێزانینەکانی وەزارەتی پەروەردە گیرفانی بەتاڵی وانەبێژانی گەرمناکاتەوە و ئەوان پێداگرن لەسەر بایکۆت تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

ھاوکات ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییش دەڵێن، بایکۆت بڕیارێکی خۆڕسکانەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، تەنیا ڕێگەی شکاندنی دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی ٨و٩ یە بەیەکەوە .

رۆژی سێشەممە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی ئاگادارکردووەتەوە کە بە زووترین کات دەوام لە قوتابخانەکان دەستپێبکاتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی ڕابردوو زیانی ھەبووە و ھیچ بوارێکیش نییە گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن بکرێت.