ئەمریکا و بەریتانیا پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
کوردسات نیوز
٤ی ئابی ٢٠٢٣
ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەر لەکاتی خۆیدا، پێویستە بۆ ھەموو پڕۆسەیەکی دیموکراسی تەندروست.
ھاوکات، رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێم سەرەڕای پێشوازیکردن لە دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، بەریتانیا بەردەوام داوایکردووە ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر بەبێ دواکەوتنی زیاتر ئەنجام بدرێت، ھەروەھا ھانی ھەموو لایەنەکان دەدات کە بەشێوەیەکی بنیاتنەر بەشداری ھەڵبژاردن بکەن و دڵنیابن لەوەی لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
دەشڵێت، ھەڵبژاردن دەرفەتێکی گرنگە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێم بۆ تێکەڵبوون لە پرۆسەی دیموکراسی و بەرجەستەکردن و بەکارھێنانی مافی دەنگدانیان.
رۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ھەرێم، ٢٥ی شوباتی ساڵی داھاتووی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.