ئێرڤن ھێکس دوای ساڵێک کارکردن وەک کونسوڵی ئەمریکا لە ھەرێم، لە سلێمانییەوە  پەیامی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھەوڵە دیبلۆماسی و ھاوکارییە تەکنیکییەکانی ئەمریکا ھاوکاربوون بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێم بتوانێت سەدان ھەزار دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

وتیشی، کونسوڵخانەکەیان ھاوبەشی حکومەتی ھەرێمی کردووە لە دامەزراندنی سیستمی بایۆمەتری مووچە کە بووە ھۆی نەھێشتنی ٥٠ ھەزار فەرمانبەری بندیوار و ١٢٤ ھەزار دوو مووچەی.

کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێم دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە دابینکردنی پێداویستی و راھێنان و پاڵپشتی لۆجستی بۆ پێشمەرگە، لەوانەش ناوەندێکی لۆجستی لە سلێمانی و دامەزراندنی دوو بارەگای سەرەکی بۆ دوو فەرماندەکە لەژێر چاودێری وەزارەتی پێشمەرگە.