دادگای کەرکوک و سوپا پابەندی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دەکرێن
کوردسات نیوز
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٣
کاکەرەش سدیق سەرۆکی ئۆفیسی کەرکوکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی ھەوڵەکانیان بۆ پابەندکردنی لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی عیراق بەجێبەجێکردنی ھەنگاوەکانی مادەی ١٤٠ی دەستور، ھەریەک لەدادگای تێھەڵچونەوەی کەرکوک و ھێزەکانی سوپای عیراق ئاگادارکراونەتەوە پابەندی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بن.
کاکەرەش سدیق ئاشکرای کرد، سەرۆککۆماری عێراق بە نووسراو داوای کردووە لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ببینێت تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەکە ببێت.
کاکەرەش سدیق، ئاشکراشیکرد ھادی عامری بەڵێنی داوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ سەردانی سەرۆک وەزیران بکات .
سەبارەت بە پارەی قەرەبووکردنەوەی تایبەت بە ماددەی ١٤٠، کاکە رەش سدیق وتی، لە بودجەدا بڕی ٣٠٠ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی بودجەین بۆ ئەو مەبەستە، وتیشی بۆ ئەمساڵ حەوت ھەزار ئاوارەی کوردی کەرکوک و ھەشت ھەزار عەرەبی ھاوردە ناویان لە لیستی قەرەبووکردنەوەدایە.