ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە جیاتی گوێگرتن لە نیگەرانی ناوخۆ و دەرەوە و ئازادکردنی زیندانیانی بادینان، دەسەڵاتی ھەرێم دیسان لە گێچەڵێکی دیکەی یاساییدا بەرامبەر زیندانیانی بادینان بە تایبەتی بەرامبەر شێروان شێروانی، دەیانەوێت لەسەر تۆمەتێکی بێبنەما سزای بدەن، کە ھیچ بەھایەکی یاسایی نییە و دەیان پێشلکاری ئەنجامدراون..

ئاماژەی بەوەشکردووە، دیاریکردنی پێنجشەممە بۆ دادگاییکردن، لەکاتێکدایە کە دادگاییەکانی چاکسازی لە ڕۆژانی سێشەمە و چوارشەممە ئەنجامدەدرێت، ئەوەش دووبارە چەندین گومان دروستدەکات کە ئامانجی دیکەی لەپشتەوە بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی ١٣ی ئەم مانگە دادگاییکردنی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە تۆمەتی پەنجەمۆرکردن لەبری ھاوڕێکانی بۆ ٢٠ی ئەم مانگە دوخرا، ھۆکاری داواخستنەکەش گەڕێندرایەوە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی تایبەتی دادگاکە ئامادەنەبووە.