پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی دۆلای سەر بە قەزای سیمیل لە سنوری روباری خابوور کەسێکی تەمەن ١٥ ساڵ خنکاوە، لەلایەن تیمی بەرگری شارستانی زاخۆ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی داد کراوە.

وتیشی، ھەروەھا تەرمی کەسێکی دیکە لە گوندی باکرما لە رووباری خابوور دۆزراوەتەوە، کەسێکی دیکەش کە خەڵکی گوندی خلشی سەربە ناحیەی مسێریکە لە سیمیل تەرمەکەی لە رووباری خابوور دۆزراوەتەوە، لەھەمانکاتدا لەناو سەنتەری زاخۆ کەسێکی دیکەش لە رووباری خابوور خنکاوە و تائێستا لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە.

ھاوکات ھەر ئەمڕۆ، منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ بەناوی مۆفەق چەتۆ کە دانیشتووی گوندی جمەکەی ھەولێرە لە رووباری زێی گەورە خنکاو، ‎تەرمەکەی لەلایەن تیمی غەواسی خەبات دەرھێندرایەوە.

بەپێی ئامارەکانیش لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، ١٠ حاڵەتی خنکان لە رووباری خابیر لە سنوری زاخۆ تۆمارکراوە.