نازم دەباغ: ئێران دەیەوێت حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەرێم دەربکرێن
کوردسات نیوز
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٣
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، ئێران ھەموو ھەنگاوێک دەنێت بە بەمەستی دەرکردن یان کۆتاییھێنان بە حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کە لە ھەرێمی کوردستانن و بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە و ھێرشی زەمینیش بۆ سەر ئەو حزبە کوردییانە دوا بژاردە و ھەنگاوی ئێران دەبێت.
وتیشی، ئێران دەیەوێت ھاوشێوەی موجاھیدینی خەڵق کە لە ساڵانی رابردوودا لە عێراق دەرکران، حزبە کوردییەکانیش دەربکرێن، بەڵام حکومەتی ھەرێم لەگەڵ سنوردارکردنی چالاکییەکانیاندایە.
ڕۆژی سێشەممە محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی سوپای پاسدارانی ئێران ھەڕەشەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی توندتری دژی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لەناو خاکی ھەرێم کرد، ئەگەر لەماوەیەکی دیاریکراودا ئەو ھێزانە لە چەک دانەماڵرێن.