کۆمپانیای دیلۆیت، لە راپۆرتێکدا ئاماری بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و خەرجی و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بۆ سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کۆی بەرھەمی نەوت، ٣٦ ملیۆن و ٧٢٣ ھەزار و ٤٧٥ بەرمیل نەوت بووە، کە ٣٢ ملیۆن و ٣٠٧ ھەزار و ٣٨٢ بەرمیلی ھەناردەی دەرەوە کراوە، چوار ملیۆن و ٣٩ ھەزار و ٢٣٢ بەرمیلی بۆ پاڵاوتگەکان تەرخاکراوە، ھەروەھا ٣٧٦ ھەزار و ٨٦١ بەرمیلی لە ناوخۆدا فرۆشراوە.

بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت، تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت ٦٧ دۆلار و ٦٣٩ سەنت بووە، کۆی داھاتی نەوتیش دوو ملیار و ١٩٩ ملیۆن و ٦٨٤ ھەزار و ٣٩٦ دۆلار بووە، داھاتی نەوتی ناوخۆش ٢٢ ملیۆن و ٩٨ ھەزار و ٤٥٦ دۆلار بووە و تێکڕای نرخی بەرمیلێکیش ٥٨ دۆلار و ٦٣٨ سەنت بووە.

ھەر بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت، خەرجیی پڕۆسەی نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، ملیارێک و ٢٥٣ ملیۆن و ١٨٧ ھەزار و ٢٥٤ دۆلار بووە، بەوەش لە کۆی داھاتی نەوت تەنیا ٩٤٦ ملیۆن و ٤٩٧ ھەزار و ١٤٢ دۆلار بۆ حکومەتی ھەرێم ماوەتەوە کە بۆ مووچە تەرخانکراوە.