جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، تا رۆژی ١٨ـی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە بڵاودەکاتەوە و بەوەش یاساکە دەچێتەبواری جێبەجێکردنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەت تانەی لە ١٢ بڕگەی یاسای بودجە داوە و ئەوەش کارێکی ئاساییە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی دایە، دادگای فیدراڵیش جێبەجێکردنی ژمارەیەک ماددەی یاسای بودجەی راگرتووە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیدا یەکلاییان دەکاتەوە.

رۆژی چوارشەممە دادگای فیدڕاڵیی عێراق بە فەرمانێک، جێبەجێکردنی ژمارەیەک ماددەی یاسای بودجەی راگرت کە لەلایەن حکومەتەوە تانەیان لێدرابوو، ھیچ یەکێک لەو ماددانەش پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستان نییە.