ئەمڕۆ لە شاری ڤیلینۆسی پایتەختی لیتوانیا، سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی-ناتۆ کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکە بە یەکێک لە چارەنووسسازترین کۆبوونەوەکانی رێکخراوەکە لە ماوەی ٧٤ ساڵی دامەزرانیدا دادەنرێت، چونکە پرسی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت.

ھاوکات پرسی ھاریکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراین یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، بە تایبەت کە ئەمریکا بڕیاری پێدانی بۆمبی ھێشوویی بە ئۆکراین داوە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاستەنگە ئەمنییەکانی بەردەم ناتۆ و فراوانکردنی لایەنی بەرگریی رێکخراوەکە تاوتوێ دەکرێت.

لیتوانیا لە ساڵی ٢٠٠٤وە بووەتە ئەندامی ناتۆ و یەکەمجارە میوانداری لووتکەی ناتۆ دەکات، ئەو شارەشی کۆبوونەوەکەی تێدادەکرێت، تەنھا ٤٠ کیلۆمەتر لە خاکی بێلاڕووسی ھاوسنووری روسیاوە دوورە، بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆبوونەوەکەش ١٢ ھەزار سەرباز و پۆلیس شاری ڤیلینۆس بڵاوەیان پێکراوە.

نزیکەی وەفدی ٥٠ وڵات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە گەیشتوونەتە ڤیلینۆس، وەفدی ئۆکراینیش بە سەرۆکایەتیی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات.