ئارامگای ھەڵۆکانی ئازادی نیشتمان
شەھیدانی ئەشکەوتی داری خلە ناسنامەیەکی زێڕینن بە بەرۆکی شۆڕشی نوێوە

دوای ئەنفالی بەعسیانە و لەو زەمەنەی کە بەعس سەرمەستی سەرکەوتنەکانی بوو وە بڕیاری دابوو خەبات و شۆڕشی کورد بۆ چارەنووس ئیتر تەواو ... لەو ڕۆژگارەدا ھەڵوێستی پارتیزانەکان وەڵامێکی توندی ئەو بڕیارە ناکامەی بەعسی دایەوە و کوڕەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڕیاریاندا لە قوڵایی چۆڵەوانیەکانی گەرمیاندا ئاڵای بە گداژا چوونەوە ھەڵبکەن. لە ساتەوەختەکانی پارتیزانی پاش ئەنفالدا، کۆمەڵە پێشمەرگەیەکی قارەمان و خۆڕاگری گەرمیان دوور لە باوەشی گەرمی کەس و کاریان بە فەرماندەیی شەھید مەلا ئەحمەد کەلاری، خەباتی پارتیزانی لە ئەشکەوتێکدا کۆی کردبوونەوە و بیر و باوەڕیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێریدا یەکی خستبوون و پێشمەرگایەتیش لە ئامێزی گرتبوون، لەو چۆڵەوانییە بێ باوەنەدا و لە کارەساتێکی سرووشتی دڵتەزێندا ئەم کۆمەڵە پێشمەرگە قارەما بوونە ژێر ھەرەسی ئەشکەوتی (داری خلە ی سەر بە ناحیەی شێخ تەویلی نزیک شاری کەلار) وەو شەھید بوون کە سەرجەمیان حەوت شەھیدی قارەمانن بە ناوەکانی (مەلا ئەحمەد کەلاری، حاجی حەمید، حەیدەر، نوری قادر ڕەحیم ناسراو بەپۆڵا، رەحیم ڕەشید ئەحمەد ، محەمەد حسین ، دارا قادر سەمین). لەم ڕۆژەدا، حەوت ئەستێرەی گەشی ئاسمانی سەخترین ھەلومەرجی کوردایەتی لە بەرزییەوە داچۆڕانە خوارەوە، ئەمانە حەوت کەڵە مێرد بوون کە لە بارێکی ناسکدا بارەگایان بەرەو سەرەوە پێچایەوە، ھەر یەکە بە کۆڵێ خەم و ژان و ئاواتەوە ماڵ ئاوای کرد و بۆشاییەکی گەورەیان خستە ھێزی پێشمەرگەی ئەو کاتەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە و کاریگەری ئەم ڕووداوە لەو ساتەوەختەدا بۆسەر برادەرە پارتیزانەکانی خوارەوە زۆر دژوار بوو، ئەشکەوتێکی گەورە داڕمێ و دەرچەکەی لەسەر ئەم ھەڤاڵانە داخرێ لەو چۆڵەوانیەدا بەبێ ھەبوونی کەرەستەی پێویست بەچی ئەو ھەموو خۆڵ و بەردە لا ئەچێت، سەرەڕای ھەبوونی مەترسی ھێزی ڕژێم و کێوماڵکردن.

لەو مەفرەزە پێشمەرگەدا تەنیا شەھیدی فەرماندە (سەید محەمەد) و پێشمەرگەی پارتیزان (حەمە سۆران) رزگاریان بوو کە ئەوانیش پێش داڕمانی ئەشکەوتەکە چووبوون بۆ پەیوەندیکردن بە جیھاز لەگەڵ ھەڤاڵەکانی تریاندا، لە کاتی گەڕانەوەیاندا و لەسەر گردۆڵکەیەکی نزیک ئەشکەوتەکە گوێیان لە زرمەیەکی گەورە دەبێت، بەڵام نازانن چییە، کە ئەگەڕێنەوە دەبینن ھەوارگەکەیان داڕماوە و دەرگاکەی کڵۆم دراوە، ئەوسا تێدەگەن ئەو زرمەیە ھەرەسی ئەشکەوتەکە بووە، ئینجا پەیوەندی بە برادەرانی ترەوە ئەکەن و لە ڕووداوەکە ئاگاداریان دەکەنەوە. کە ھەواڵەکە بڵاو بووەوە ھەر کەسە و بە جۆرێ لێکدانەوەی بۆ دەکرد، بەڵام راستییەکەی ئەو ئەشکەوتە شووێنێکی زیخەڵانی تەنگ بوو، خۆیان فراوانیان کردبوو وە جارجارەش وردە بەردی لێ ھەڵئەوەری، کە بەلای خەڵکی شارەزاوە بەڵگەی ئەوەیە ئەو شووێنە ھەرەس دەکات، بەڵام ئەوان گوێیان نەدابوویە، لەوێ راھاتبوون بمێننەوە، حەزیان نەئەکرد بەجێی بھێڵن تا دواجار بووە مەنزڵگەی ھەتا ھەتاییان. شەھید (مەلا ئەحمەد) ماوەیەکی کەم پێش شەھید بوونی بە (عەدنانی حەمەی مینا) دا نامەیەکی پڕ جۆش و خرۆشی شۆڕشگێرانەی بۆ ئێران بۆ نووسیبووم کە بەتەمابووە لەگەڵ برادەراندا بێتەوە بۆ ئێران، بەڵام کە زانی بووی ئێمە دادەبەزینە خوارەوە لە ھاتنەکەی وازی ھێنا بوو وە چاوەڕوانی ئێمەی کردبوو. لەو نامەیەدا باسی خەباتی نوێی بۆ کردبووم کە چۆن ئەبێ ھەوڵبدەین بخزێینە ناو دڵی دوژمنەوە و ھەراسانی بکەین و لەو چۆڵەوانیە بێ باوانەدا خۆڕاگر و ورە بەرزبین، بەداخەوە ئەم نامەیەی شەھید( مەلا ئەحمەد) و چەندین نامەی دیکەی ھاوڕێ شەھیدەکانم لە ساڵی ١٩٩٦ نارد بۆ مەڵبەندی سلێمانی بەمەبەستی نمایشکردنیان لە پێشانگایەکی مێژوویدا، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ڕوداوەکانی ٣١ ئابەوە لە ناوچوونو شەھید (مەلا ئەحمەد) لە ھەمان کاتدا نامەی بۆ ھەندێ برادەری تریش نووسیبوو بە تایبەتی بۆ کاک ( نەوشیروان و ملازم عومەر و مامۆستا عەلی عەبدوڵلا). تەرمی پیرۆزی ئەم ھەڤاڵە شەھیدانە ھەتاکو ڕاپەڕینی سەرتاسەری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ لە ناو ئەشکەوتەکەدا مایەوە و لە پایزی ساڵی ١٩٩١ دا لەگەڵ ھەڤاڵان کاک ( کوردۆ قاسم و کاک عەدنان و کاک عوسمان)دا کارمان کرد بۆ دەرھێنانی تەرمەکانیان و لە خوارەوەش بەسەرپەرشتی م. ( عەلی عبدڵا )کار کرا بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ناشتنیان و کۆڕبەستن و ئاگادارکردنەوەی کەس و کاری شەھیدان و خەڵکی ناوچەکە بۆ بەشداریکردن لە ھێنانەوە و بەخاکسپاردنیان لە گۆڕستانی کەلاری کۆن.

مخابن لە ئێوارەیەکی زستانی بەراناوی لە ڕێککەوتی ١٩ی شوباتی ساڵی ١٩٨٩ ئەشکەوتی داری خلە بووە مەنزڵگای خەباتیان بەکارەساتێکی سروشتی داروخاو حەوت پێشمەرگەکەی کاروانی خەبات بە ناوەکانی: شەھید نەمر مەلا ئەحمەد کەلاری،شەھید نەمر حاجی حەمید، شەھدی نەمر حەیدەر، شەھید نەمر نوری قادر ڕەحیم ناسراو( بەپۆڵا)، شەھیدی نەمر ڕەحیم ڕەشید ئەحمەد، شەھیدی نەمر محەمەد حسین، شەھیدی نەمر دارا قادر سەمین چوونە کاروانی نەمرانەوە.

لە کۆتایدا، ھەزاران سڵاو لە مەزاری ھەمیشە پیرۆزتان ئەی کوڕانی ڕۆژخانی سەختی خەبات و تێکۆشان
دروو بۆ گیانی پاکی ئەم پۆلە شەھیدای (ئەشکەوتی داری خلە)و سەرجەم شەھیدانی ڕزگاری گەلی کوردستان