نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان: وەزیری بەرگریی عێراق هۆکاری کێشەی جوتیارانە
کوردسات نیوز
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بۆ یەکلاییکردنەوەی دەستێوەردانی سوپا لە کاروباری جوتیاران، وەفدێکی ھاوبەشی نوێنەرانی جوتیارانی سەرگەڕان و تۆبزاوا، سەردانی بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراقیان لە کەرکوک کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان لە کەرکوک پێی وتوون، بە بڕیاری وەزیری بەرگریی عێراق، دەستوەردان لە کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکەن و وەزیری بەرگری نوسراوی بۆ کردوون، کە رێگە نەدەن جوتیارانی سەرگەڕان و تۆبزاوا ھیچ کارێکی کشتوکاڵی بکەن.
بە وتەی نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان لە کەرکوک وتوویەتی تاکو نوسراوێکی نوێی لە وەزیری بەرگرییەوە پێنەگات و رێگە بە کاری جوتیاران نەدات، ئەوان رێگە نادەن جوتیاران کشتوکاڵ بکەن.



