ھێزێکی سوپای عێراق ھەڵیکوتایە سەر جوتیارانی گوندی پەڵکانە
رێزان محەمەد
٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ھێزێکی فەوجی چواری فرقەی ٨ی سوپای عێراق لە درەنگانی شەودا چوونەتە سەر زەوی جوتیارانی گوندی پەڵکانە و جگە لە شکاندنی ژمارەیەکی زۆر کەرەستەی ئاودێری و زەوییە کشتوکاڵییەکان، جوتیارێکیشیان دەستگیرکردووە.
دەشڵێت، ھێزەکە دەستیان بەسەر کەلوپەلە کشتوکاڵییەکاندا گرتووە و ئەو جوتیارەش کە دەستگیریانکردووە گوستوویانەتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان و بڕیارە ڕەوانەی دادگا بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەئێستادا ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی دەستی سوپا لە کێشەی زەویوزاری جوتیارانی کورد دووربخرێتەوە و کارکردن بە گرێبەستی ھاوردەکان ڕابگیرێت.



