وەزیری دارایی: ڕاگرتنی نەوت کێشەی گەورەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە
کوردسات نیوز
٨ی ئایاری ٢٠٢٣
ئاوات جەناب نوری لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ دکتۆر تۆرکیلد بیوگ بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندیەکانی یەکێتی ئەوروپا لە ھەرێم رایگەیاند، بنەمای ڕێککەوتنەکەی ھەرێم و بەغداد لەسەر نەوت دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی چەند خاڵێکیان بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتی ھەرێم چەسپاندووە.
ڕاشیگەیاند، لەم قۆناغەدا ئەولەویاتی ھەرێم جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ھەرێم و بەغدایە وەک خۆی و لەو چوارچێوەیەشدا ھەرێمی کوردستان ھەموو داواکارییەکانی جێبەجێکردووەو چاوەڕێی عێراق و تورکیان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم و چارەسەرکردنی ئەو کێشە سیاسی و تەکنیکیانەی لەبەردەم پرۆسەکەدا ماون.
ئاوات جەناب نوری ئاماژەی بەوەشکرد، وەک وەزارەتی دارایی کاری جدیان ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات بووە لە ڕێی گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بوژانەوەی بەرھەمی ناوخۆو بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری تا ھەرێم تەنھا پشت بە داھاتی نەوت نەبەستێت، لەو چوارچێوەیەشدا لەبواری ئاسایشی خۆراک ھەنگاوی باش نراوە و بەدیجیتاڵکردنی کاروباری دامودەزگاکانی حکومەت دەستیپێکردووەو دەرئەنجامی باشی بەدەستھێناوە.