جەمال كۆچەر: ڕێككەوتنی ٥٠ ساڵی لەنێوان هەرێم و توركیا خاڵی ناكۆكی ئەنقەرە و بەغدادە
کوردسات نیوز
٦ی ئایاری ٢٠٢٣
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری نەوت تاوتوێی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمیان کردووە و دەستپێکردنەوەی ئەو پڕۆسەیە تەنھا بە عێراقەوە پەیوەست نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تورکیاشەوە ھەیە.
وتیشی،عێراق خوازیارە تەواوی رێکەوتنەکان و گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم ھەڵبوەشێنێتەوە، بەتایبەت رێککەوتنی پەنجا ساڵی لەگەڵ تورکیا و دەیەوێت رێککەوتنی نوێ بکات، ھەروەھا گرێبەستەکانیش بکرێنە خزمەتگوزاریی.
جەمال کۆچەردەشڵێت، ھۆکاری دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم ئەو پێبژاردنە داراییە کە دادگای ناوبژیوانی پاریس سەپاندوویەتی بەسەر تورکیادا و کێشەکە لەوەیە کە ئایا تورکیا یان ھەرێم یان عێراق ئەو پێبژاردنە دەدەن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، بەغداد دەیەوێت لە چوارچێوەی گرێبەستی خزمەتگوزاریدا بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت دوو دۆلار بدات بە تورکیا لەبەرامبەر ھەناردەکردنی نەوتدا، بەڵام تورکیا دەیەوێت ھەمان رێککەوتنەکەی ھەرێم بەشێوەی پەنجا ساڵییەکە بەردەوام بێت.
٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی ڕاگرت. سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت، تا ئێستا پرۆسەکە دەستیپێنەکردووەتەوە.