مەکتەبی سیاسی یەکێتی: خۆپیشاندانەکەی کەرکوک نەخێرێکی شۆڕشگێڕی بوو بەرووی تەعریبدا
کوردسات نیوز
٦ی ئایاری ٢٠٢٣
دەقی بەیاننامەکە...
نەعرەتە لە ناو جەرگەی دیکتاتۆریدا، ئیلھامێک بو بۆ جۆشدانەوەی خەبات .
خۆپیشاندانەکەی کەرکوک نەخێرێکی شۆڕشگێڕی بوو بە ڕووی تەعریب وتەبعیسدا چل و یەک ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی شەشی ئایاردا بۆ ھاوسۆزیی و پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی بیست وچواری چواری شاری قەڵادزی و شارەکانی تری کوردستان و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی (بە بەعسیکردن و بە عەرەبکردن) دژ بەگەلی کورد ڕێکدەخران، جەماوەری کوردپەروەری شاری کەرکوک بە وتنەوەی چەندین دروشمی نەتەوەیی و نیشتمانیی و نەعرەتە لەناو جەرگەی دیکتاتۆریدا وەک ئیلھام بەخشینێک بۆجۆشدانەوەی خەبات، لە خۆپیشاندانێکدا رژانەسەر شەقامەکان .
لە شاری کەرکوک و دەوروبەری کەھێزە سەرکوتکەرەکانی رژێمی بەعس چەندین ساڵ بوو گشت توانایەکیان خستبووە گەڕ بۆ نەھێشتنی ھەستی کوردایەتی و شۆڕشگێرانە ، بەڵام ئەم خۆپیشاندانەھێزەکانی بەعسی توشی شۆک کرد وکەوتنە وێزەی جەماوەر و دەیان کەسیان شەھید و بریندار کرد و سەدان کەسیشیان دەستگیر کرد .
ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانەی شارەکانی کوردستان و کەرکوک بە تایبەتی تەئکیدکردنەوەی یەکێتیی و یەکدەنگی کورد بوو لە سەردەمێکدا کە رژێمی بەعس لەوپەڕی دەسەڵاتی داگیرکاری و خۆسەپێنیدا بوو، بەڵام چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بە ورەیەکی پۆڵاینەوە وانەیەکی خۆراگریان بۆ ئەو قۆناغەی خەبات پێشکەشکرد و نەخێرێکی شٶڕشگێڕانە بوو بە ڕووی تەعریب و تەبعیسدا و ملیان بەسەرانی رژێمی بەعس نەوی کرد لە ئاست چەندین داواکاری جەماوەری خۆپیشاندەردا .
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان