لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی ٤ی ئایاری ٢٠٢٣ لە ھەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا ھەریەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم و ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ئێرڤن ھیکس کونسوڵی ئەمریکا لە ھەرێم ئامادەی بوون، تاوتوێی کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێم کوردستان کرا.

لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کێشە ناوخۆییەکان مەترسی بۆسەر پێگەی ھەرێم دروست کردوە و پێویستە ھەموولایەکمان بە ھەستی بەرپرسیارێتییەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان بدەین و نابێت ململانێی سیاسی و حیزبی بگاتە ئاستی بەزاندنی ھێڵە سورە نیشتیمانییەکان و بە تایبەتیش لاوازکردنی پێگەی ھەرێم لەسەر ئاستی عێراقدا.

جێگری سەرۆک وەزیران راشیگەیاند پێشوازی لە ھەرجۆرە دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئامادەین لەپێناو چارەسەرکردنی ھەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی ھاوبەش تەنانەت بە بەشداری نوێنەرانی ھاوپەیمانەکانمان پێک بھێنین.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرا. لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئامانجمانە کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین. 

وتیشی دوای ماوەی ساڵانێکی زۆر لە ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری و ھەروەھا ململانێ و ناکۆکی سیاسی و حیزبی ناپێویست، عێراق و ھەرێمی کوردستان پێویستییان بە قۆناغێکی درێژی سەقامگیری و ئارامی ھەیە تا بتوانین پێکەوە کار لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و بووژانەوەی بازاڕ بکەین، چونکە لەوە زیاتر عێراق و کوردستان بەرگەی ململانێی ناپێویستی حیزبی ناگرێت.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئازادی رادەربڕین لە کوردستان کرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە ھەمیشە شانازیمان بە دابینکردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەوانییەوە دەکرد، کەچی بە داخەوە لەم دوایانەدا لەلایەن دۆستەکانمانەوە رووبەڕووی رەخنە بووینەتەوە. جەختیشی کردەوە کە پێویستە بەخۆماندا بچینەوە بۆ ئەوەی ناو و ناوبانگی ھەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەھۆی پێشێلکردنی ئازادییەکانەوە لەکەدار نەبێت.