مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەخت لە فراوانکردنی مەودای ئازادییەکان بۆ رۆژنامەنووسان دەکاتەوە
کوردسات نیوز
٣ی ئایاری ٢٠٢٣
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لە راگەیەندراوێکدا کە بە بۆنەی رۆژی جیھانیی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و چاودێری میدیایی و ناوەند و نێردە دبلۆماسییەکان، ئەوەی پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوەیەبە داخەوە لەم بوارەدا وێنەیەکی خراپی بەخشیووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین جار ھۆشداری دراوە بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم کە ئەم بارە لارە راست بکەنەوە و دەرفەتی گونجاو برەخسێنن بۆ ئازادی رادەربڕین و دەرگای بە دەستھێنانی زانیاری و فراوانکردنی مەودای کارکردنی میدیاکاران و رۆژنامەنوسان واڵا بکەن.
ئاشکراشیکردووە، لەو رەخنە وگلەییانەی رێکخراوە جیھانیەکان لەسەر ئەم پرسە لە ھەرێمی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەنوسان و میدیاکاران ھەیانە ،داتاشینی ئەوتۆمەتە ناراستانەیە کە بۆیان دروست دەکرێت لەسەر وشە وھەواڵی راستی بەو بیانوەوە ڕووبەڕوی گرتن و ڕاوەدونانیان دەکەنەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی جەختی لەوەشکردووەتەوە، لە درێژەی باوەڕبونمان بەدیموکراسی و رادەربِرین بۆ خستنە ڕووی راستییەکان و ھەقبێژیی لەگشت بوارەکانی میدیاو نوسیندا، ھەمیشە پێداگیری لە فراوانکردنی مەودای ئازادییەکان و زەمینەرەخساندنی زیاتر دەکەینەوە و خەباتمان بۆ نەھێشتنی بەرتەسککردنەوە و پێشێلکردنی ئەو مافانەی رۆژنامەنوسان و میدیاکارانە لە کوردستاندا.