کونسوڵخانەی ئەمریکا: وڵاتەکەمان لە پشتیوانیکردنی رۆژنامەنووسانی ھەرێم و عێراق بەردەوام دەبێت
کوردسات نیوز
٣ی ئایاری ٢٠٢٣
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی ئازادی ڕۆژنامەگەری، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنووسان تا کاری خۆیان بکەن و بۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن بەبێ ھەڕەشەلێکردن و ھەراسانکردن و دەستگیرکردن و پشکنینی ھەڕەمەکی، کۆڵەکەی بنەڕەتیی ھەموو حکومڕانییەکی دیموکراتییە و حکومڕانیی دیموکراتیش ھانیی ئازادیی ڕاگەیاندن دەدات.
دەشڵێت، دەستخۆشی لە ھەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەن کە لە ژینگەی مەترسیداردا کاردەکەن بۆ ڕوناکی خستنەسەر ڕاستییەکان و لەو پێناوەشدا دەکەونە بەر مەترسی زۆر.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەرێم راشیگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە پشتیوانیکردنی ڕۆژنامەنووسان لە سەرتاسەری جیھان و لەو نێوەندەشدا ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئەویش لە ڕێی پڕۆگرامی ڕاھێنان و ئاڵوگۆڕ و کاریی پێکەوەیی و داکۆکیکردن.