دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەربارەی کەیسی ھەردوو راگیراو "ئارام حەسەن و  شەرمین عەلی" بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو دۆسیەیە ھیچ پەیوەندیەکی بە کاری رۆژنامەوانی و رێکخراوەیی و ئازادی رادەربڕینەوە نییە، وەک ھەندێک کەس و لایەن و بەناو چالاکوان باسی دەکەن و ئامانجیان چەواشەکردنی رای گشتییە .

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو کەسە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەی ٣٤١ی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، چونکە فەرمانبەری حکومەتن و ھۆکاری دەستگیرکردنەکەیان روونە، لە ماوەی رابردووشدا خراونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و وتەیان وەرگیراوە و ھەموو رێکارێکی یاساییان بۆ گیراوەتەبەر، دەزگای ئاسایش تەنھا لایەنی جێبەجێکاری یاسایە.

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند، رۆژی دوو ئایاری ئەمساڵ، رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی راگیراوان سەردانی گرتووخانەی ئاسایشیان کردووە و چاویان بەسەرجەم راگیراوان کەوتووە و لەنێویشیاندا ئەو دوو راگیراوە، لە چەند رۆژی رابردووشدا کەسە نزیکەکانیان سەردانیان کردوون و چاوپێکەوتنیان ھەبووە .