وەزیری بەرگری ئیتاڵیا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات
کوردسات نیوز
٢ی ئایاری ٢٠٢٣
ئەمڕۆ جویدو کروستو، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا دەگاتە ھەولێر و بڕیارە لەگەڵ لێپرسراوانی ھەرێم کۆببێتەوە .
بەر لە سەردانەکەشی بۆ ھەرێم لە بەغداد، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کۆبوونەوە و پتەوکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، عێراق ھەوڵی ھەماھەنگی زیاتر دەدات لەگەڵ ئیتاڵیا، بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە بواری ئاو و ژینگە.
ھەروەھا ھاوبەشییەکانیان لە بواری ئامادەکردنی ھێزە ئەمنییەکان و رێکخستنی ھەوڵەکان بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر بەھێزدەکەن. ھیواشی خواست ئەنجومەنێکی ھاریکاری و بازرگانی لەگەڵ ئیتاڵیا دابمەزرێنن.
وەزیری بەرگری ئیتاڵیاش بەردەوامی پشتیوانییەکانی بۆ عێراق لە بواری ئەمنی و ھەواڵگری و ژینگەیی و ئاو و پیشەسازی دووپاتکردەوە. پێشتریش "سابت محەمەد سەعید" وەزیری بەرگری عێراق لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کۆبووەوە و پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد.