سۆران عومەر سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لەسەر کورسی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددە یاسایەی کە١١ کورسی کۆتای بە پێکھاتەی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەن بەخشیووە.  

روونیشیکردەوە، بەپێی ماددە یاسایەکەی ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢، پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ مەسیحییەکان و کورسییەکیش بۆ پێکھاتەی ئەرمەن دیاریکراوە کە ئەوەش ھیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە و پێچەوانەی ئەو یاسایەی دیکەیە کە دواتر و لە ساڵی ٢٠١٥ دەرچووە وەک یاسای مافی پێکھاتەکان.

سۆران عومەر راشیگەیاند، سکاڵاکەی لەسەر ئەو پرسە لە دادگای فیدڕاڵی وەرگیراوە و رێڕەوی خۆی وەرگرتووە، وردەکاری زیاتریش لەوبارەیەوە لە رۆژی دادگاییەکە ئاشکرادەکرێت.