بە پێی ماڵپەڕی رەسمی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، سبەینێ دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر کۆدەبێتەوە، کە داواکراوە سکاڵالێکراو پابەندبکرێت بەپێدانی بڕی ئەو پارەیەی لە بەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە وەریگرتووە، کە داوای پارەی ١٧ ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکرێت کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق و ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢١ دەگرێتەوە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ، دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاساییبوون یاخود نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیەیە کۆدەبێتەوە، لەو سکاڵایەدا کە لە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە، داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (٥ و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ داھاتووە. 

تا ئێستا شەش جار دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەتەوە و ھیچ بڕیارێک نەدراوە.