وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، بەمەبەستی ڕێکخستنی بواری چەک ‌و بەسیستەمکردنی بازاڕەکانی بازرگانیی چەک ‌و رێکخستنی کاری کۆمپانیا ئەمنی ‌و ڕاھێنەرییەکانی ئەو بوارە، بۆ دڵنیابونەوە لەجێبەجێکردنی یاسای چەک‌و یاسای کۆمپانیا تایبەتییە ئەمنییەکان، رێنمایی تایبەتی دەرکردوە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بۆ ھەر پارێزگاو ئیدارەیەکی سەربەخۆ، دەبێت کۆمەڵگەیەکی تایبەت بەئاڵوگۆڕی چەکی ئاگرین دابمەزرێت، ئەوەش کۆمەڵێک کاری وەکو کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی چەک ‌و شوێنی ڕاھێنان و سەنتەری مەشقی کارمەندانی کۆمپانیای ئەمنی لەخۆدەگرێت ‌و لەژێر چاودێریی حکومەتدا دەبێت.

ھەر بەپێی رێنماییەکە کۆمەڵگەکە بەسیستەمێکی ئەلیکترۆنییەوە بەوەزارەتی ناوخۆوە دەبەسترێتەوە و زانیارییەکانی تایبەت بەکڕین و فرۆشتنی چەک ‌و راھێنان و مەشقپێکردنی کارمەندی کۆمپانیای ئەمنی، لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبن.