سەرۆکی ئۆکراین رایدەگەیەنێت، رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی نوێی دوورمەودا داوە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی روسیا بۆ سەر وڵاتەکەی.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکراین لە ئامادەکاریدایە بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی توانا سەربازییە دوورمەوداکانی، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر ئامانج و وردەکاریی ئۆپراسیۆنە نوێیەکان ئاشکرا بکات.

جەختیشی کردەوە، کە کیێڤ کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو تەکنیکییانە دەکات کە کاریگەریی لە خستنەخوارەوەی درۆنی جۆری "شاهد" هەیە، لە هەوڵیشدان بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانیان بۆ مەیدانەکانی جەنگ.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کە ئاستی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە لوتکە، وەزارەتی بەرگریی روسیاش رایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیان بەسەر زیاتر لە پێنج هەزار و 300 کیلۆمەتر دووجا زەوی و 220 شارۆچکە و گونددا گرتووە.

هاوکات، ئەوەشی خستەڕوو، "لە شەوی رابردوودا 344 درۆنی ئۆکراینیان خستووەتە خوارەوە و هێرشیان کردووەتە سەر چەندین کەشتیی و دامەزراوەی لۆجیستی لە بەندەرەکانی دەریای رەش"، لە بەرانبەریشدا، ئۆکراین ئاشکرایکردووە، لە 24 سەعاتی رابردوودا نزیکەی هەزار و 500 سەربازی روسی کوژراون و برینداربوون.

جێی ئاماژەیە، لە چەند مانگی رابردوودا هەردوو وڵات هێرشە ئاسمانییە دوورمەوداکانیان چڕتر کردووەتەوە، کیێڤ بەردەوام ژێرخانی نەوتی روسیا و کۆگا بازرگانییەکان دەکاتە ئامانج، بەمەبەستی دروستکردنی فشاری ئابوری و بەرزکردنەوەی تێچووی بەردەوامیی جەنگ لەسەر موسکۆ.