مەڵبەندی ١٨ی رێکخستنی رۆژھەڵاتی کەرکوک یەکێتی رایگەیاند، دوای ئەوەی لەچەند رۆژی ڕابردوودا سوپای عێراق ھەوڵی داگیرکردنی زەوی جوتیارانی کوردیدا لە گوندی تۆپزاوەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، لێپرسراوی مەڵبەندەکەیان لە کاتی سەردانیکردنی بۆ ناوچەکەیان بەڵێنی پێدابوون رێگە نادەن ئەو ھەوڵانە سەربگرێت.

دەشڵێت، بۆ رێگریکرن لە داگیرکردنی زەوی جوتیارانی ناوچەکە لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار کرایەوە و بە ھەوڵی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق توانرا ئەو کارە رابگیرێت. 

مەڵبەندی ١٨ی رێکخستنی رۆژھەڵاتی کەرکوک تەئیکد دەکاتەوە، وەکو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەردەوام بەرگریکار و داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکی شاری کەرکوک دەبن و ھەمیشە لەسەر ھێڵن بۆ شکستپێھێنانی ئەو جۆرە ھەوڵانە لە داھاتوودا.