بافڵ جەلال تاڵەبانی: مامۆستایانی ئاینی لە شۆڕشەکانی کورددا رۆڵی گرنگیان گێڕاوە
کوردسات نیوز
١٢ی شوباتی ٢٠٢٣
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، لە دیدارەکەدا لەبارەی قوڵکردنەوە و پەرەپێدانی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان گفتوگۆ کرا و جەخت لە ھەماھەنگی و ھاریکاری زیاتر کرایەوە لەپێناو گەشەپێدانی ئەو ئاشتەوایی و پێکەوەییەی لەنێوان نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکاندا ھەیە و پارێزگاریکردن لەو بەھا باڵایانەی پەیوەستن بە کایەکانی ژیانەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە گرنگییەوە ئاماژەی بە رۆڵی مامۆستایانی ئاینی کرد لە ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ئاڕاستەکردنی ھاوڵاتیان بەرەو تەبایی و پێکەوەژیان و رایگەیاند، مامۆستایانی ئاینی لە شۆڕشەکانی کورددا رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە و فاکتەرێکی گرنگی سەرخستنی شۆڕش بوون، ئەمڕۆش دەبێت بە ھەمان رۆحیەتی کوردانە و مرۆڤدۆستانەوە بەردەوامبن لە رێنوێنیکردنی کۆمەڵگە بە ئاڕاستەی چاکە، دوورکەوتنەوە لەبیری توندڕەوی و قووڵکردنەوەی تەبایی لەنێو کۆمەڵگەدا.



