بافڵ جەلال تاڵەبانی: نابێت ھونەر بە سیاسی بکرێت
کوردسات نیوز
١١ی شوباتی ٢٠٢٣
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەکۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، دەبێت ھونەر لەسەردەستی ھونەرمەندان بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی کە بە پایتەختی رۆشنبیری ناسراوە رەنگدانەوەی ناوەکەی بێت.
لەبارەی ئازادیی کاری ھونەری و دەستتێوەردانی سیاسیشەوە وتی، نابێت ھونەر بە سیاسی بکرێت و رێگەمەدەن ھیچ کەس و لایەنێک دەستوەردان لە کارەکانتان بکات. رەخنەگربن و لەڕێگەی ھونەرەکەتانەوە بەگژ نادادی و ستەمدا بچنەوە، ئەمەش یەکێکە لە ئەرکەکانی ھونەر.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ چەند بڕیارێکی گرنگ و پێویستی لەبارەی دۆخی ھونەر و ھونەرمەندان لە ھەرێمی کوردستان، بەرەوپێشچوون و گەشەپێدانی رەوتی ھونەری و پشتیوانیی ھونەرمەندان دەرکرد و وتی، ئەنجوومەنێکی تایبەت لە ھەموو بوارە ھونەرییەکاندا دروستدەکەین و پێکەوە ھەنگاوی گەورە لەوبارەیەوە دەنێین.
لە بەرامبەردا ھونەرمەندانی کوردستان ئاماژەیان بە گرفت و بەربەستەکانی نێو کایەی ھونەر کرد و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانیان خستەڕوو و رایانگەیاند، ئەم دیدارانە گرنگی خۆیان ھەیە و ھۆکارێکە بۆ رەواندنەوەی کێشەکان و ھەنگاونان بە ئاڕاستەی داھێناندا.



