بەپێی زانیارییەکان، دەیان تۆن خۆراک و ھەزاران پارچە دەرمان و کەلوپەلی دیکە گەیەنراونەتە کەمپینی ھاوخەمتانین و زیاتر لە ٣٨٩ ملیۆن دینار و ١٣٢ ھەزار دۆلاریش کۆکراونەتەوە.

بەپێی ئامارێکی کەمپینی ھاوخەمتانین، لە رۆژی ٧ تا ١٠ ی شوبات لە بابەتی خواردەمەنی بڕی ٣٦ ھەزار و ٩٢٠ کیلۆ برنج و شەکر و چا و زەیت و دۆشای تەماتە و ساوەر و پاقلەمەنییەکان کۆکراوەتەوە، بەتانی و راخەر و دۆشەک بڕی ١٣ ھەزار و ١١٣ پارچە و جل و بەرگ و پێڵاو ١١ ھەزار و ٨٤٨ کیسەی جۆراوجۆر کۆکراوەتەوە، دایبی منداڵان و پێداویستی ژنان بڕی ٢ ھەزار و ٢٢٣ پارچە و شیر ٢ ھەزار و ٩٢٠ فوتوی جۆراوجۆر لە کیلۆدا کۆکراوەتەوە.

 ھەر بەپێی ئامارەکە ئامێری گەرمکەرەوە لە سۆپا و ھیتەر ٤٧٠ دانە، پێداویستی خاوەن پێداویستی تایبەت ٢٠٦ کورسی و ئامرازەکانی تری خاوەن پێداویستی کۆکراوەتەوە، ھەروەھا بڕی ٢٤٢ خێمە و ١٩٦ پارچەی یاری و پێداویستی منداڵان کۆکراوەتەوە، دەرمان و پێداویستی پزیشکیش ١٨٢ کارتۆن و ١٣ ھەزار و ٨٢٤ پاکەت ، لەگەڵ ٧٠٨ کارتۆن بابەتی پاککەرەوەی جۆراوجۆر کۆکراوەتەوە.

ھەروەھا بەپێی ئامارێکی ماڵپەڕی شەفافیەت زیاتر لە ٣٨٩ ملیۆن و ٢٩٢ ھەزار دینار، لەگەڵ ١٣٢ ھەزار و ٨٤٠ دۆلار گەیەنراوەتە کەمپینی ھاوخەمتانین، بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی رۆژئاوا و باکور و رۆژھەڵاتی کوردستان، بڕیارە دوای تەواوبوونی کەمپینەکە ھەموو ئەو بابەتانەی کۆکراوەتەوە بە میکانیزمێکی گونجا و بگەیەنرێتە دەست زیان لێکەوتوانی بومەلەرزەکان.