سالار مەحمود ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر قەرەبوو نەکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید لە ڕێگەی تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی، داوای قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید و کۆمەڵکوژی کورد دەکەین کە لەسەر دەستی ڕژێمی پێشوی عێراق روویانداوە.

راشیگەیاندوە، بەمەبەستی قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران، رێکارەکان بەبەڵگەی پێویستەوە ئامادەکراون و بەزووترین کات دەخرێنە بەردەم دادگای فیدڕاڵی و داوای قەرەبووی زیانلێکەوتوانی ھەرێمی کوردستان دەکەین.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، بەپێی ماددەی ١١٢ی دەستور دەبێت بودجەیەک لە داھاتی نەوت و داھاتی وڵات تەرخان بکرێت، بۆ ھەرێمە زیان لێکەوتووەکان لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، ھەروەھا بەپێی ماددەی ١٣٢ی دەستور دەبێت، دەوڵەت چاودێری کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی بکات، لەگەڵ ئەوانەی لەلایەن ڕژێمی پێشوەوە زەرەرمەند بوون، ھەروەھا بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان دەبێت کەسوکاری قوربانییەکان و گوندە ئەنفالکراوەکان و ناوچە کیمیاباران کراوەکان و راگواستراوەکان قەرەبوو بکرێنەوە. قەرەبوەکەش لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە.