حکومەتی هەرێم لیژنەیەکی بۆ پێداچوونەوە بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران پێکهێنا
رێبوار
٤ی شوباتی ٢٠٢٣
حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، لیژنەکە گرفتەکانی جێبەجێکردنی ڕێنمایی دارایی ژمارە ١٢ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و ھەژمارکردنی خزمەتیان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەستنیشان دەکات.
لیژنەکە لە یەکەم ھەنگاویدا تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پرسی میلاکات ڕاسپارد بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەی فەرمانبەران.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ٣٢ دامەزراوەی ھەر سێ دەسەڵاتی «دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن»، پێداچوونەوە بە ٣٦٥ ھەزار و ٤٥٢ دۆسیە کرا کە ٧ ھەزار و ١٩٦ دۆسیە پلەی زیادەیان بۆ بەسترا بوو و ١٥ ھەزار و ٦١٤ دۆسیەشیان زیادە مووچەیان ھەبوو، کە کۆی جیاوازی مووچەکەیان دەکاتە ملیارێک و ٣٦٠ ملیۆن و ٨٠٨ ھەزار دینار.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا و بۆ یەکخستنەوەی دۆسیەی کەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تا ئێستا لەکۆی ٦٠ ھەزار و ١٦ دۆسیە، ٤١ ھەزار و ٩٨٢ دۆسیە، بۆ پێداچوونەوە ئامادە کراون و بڕیار وایە بە زوویی دۆسیە نایاساییەکانیان لە ڕووی پلەبەرزکردنەوە و زیادە مووچە، دەستنیشان بکرێن.



